كۆمسیۆن 190 هەزار داواكاریی بۆ بوونە كارمەندی سەر سندووقی دەنگدان پێگەیشتووە

:: PM:02:17:10/06/2025 ‌
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رای گەیاند، بۆ رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستیان بە 250 هەزار كارمەند هەیە، تا ئێستە نزیكەی 190 هەزار داواكارییان پێگەیشتووە.

ئەمڕۆ سێشەم 10ـی حوزەیران، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رای گەیاند، زیاتر لە 188 هەزار كەس داواكارییان بۆ كارمەندی سەر سندووقی دەنگدان پێشكەش كردووە.

باس لەوەش كراوە، بۆ ئامادەكاریی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، كۆمسیۆن پێویستی بە نزیكەی 250 هەزار كارمەندی سەر سندووقەكان هەیە.

هاوكات رەوەند قەشقەیی ئەندامی تۆڕی چاودێریی هەڵبژاردنەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، كۆمەڵێك مەرج هەن بۆ كەسی داواكار، ئەویش بوونی هەبوونی كارتی دەنگدانی درێژمەودا، هەروەها پێشكەشكار دانیشتووی هەمان ئەو پارێزگایە بێت كە داواكاریی لێیەوە پێشكەش دەكات، پێشكەشكردنەكە لەسەر بنەمای دابەشبوونی جیۆگرافی دەبێت.

دەشڵێت، لە مەرجەكانی تری كۆمسیۆندا هاتووە، نابێت كەسی داواكار لە رابردوودا هیچ سزایەكی لەلایەن كۆمسیۆنەوە درابێت، نابێت خزمی نزیكی هیچ كام لە بەربژێرانی هەمان پارێزگا بێت.
 
روونی كردەوە، كەسی داواكار پێویستە بەڵێننامەیەكی دەستنووس پڕ بكاتەوە كە تێیدا دووپاتی دەكاتەوە، رێكارەكانی لێپرسینەوە و دادپەروەری نایگرێتەوە، تاوانبار نەكراوە، ئەندامی هێزە تەناهییەكان نییە، سەربەخۆیە و پابەندی بنەما ئەخلاقییەكان دەبێت.
 
لەبارەی بەڵگەنامەكان بۆ پێشكەشكردنی داواكاری بۆ فەرمانبەران، ناسنامەی فەرمانگەكە، یان پشتگیریی فەرمانبەرێتی، كارتی نیشتمانی، یاخۆ ناسنامەی باری شارستانی، كارتی دەنگدان، بەڵگەنامەی خوێندن، یان پشتگیریی خوێندن بەشێوەی رەنگاوڕەنگی هەبێت.
 
بۆ قوتابیانیش چەند مەرجێك هەن وەك ناسنامەی قوتابی، یان پشتگیری كە قوتابییە، كارتی نیشتمانی، یاخۆ ناسنامەی باری شارستانی، كارتی دەنگدان و بەڵگەنامەی بڕوانامەی خوێندنەكەی بەشێوەی رەنگاوڕەنگ.

ئەوە لە كاتێكدایە پێشكەشكردن لە نۆی تەمووز كۆتایی دێت. بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ خولی شەشەم بەڕێوە بچێت.      



وشە - رامیار جەواد