سەرۆكی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەر لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رای گەیاند، لیژنەكەیان ماوەی ھەشت ساڵە كار دەكات بۆ نەھێشتنی مادەی ھۆشبەر لەناو ھێزەكانی پێشمەرگە و ھۆشیاركردنەوەیان لەو مادە مەترسیدارە.
ئەمڕۆ سێشەم 10ی حوزەیرانی 2025، دادوەر كوردەوان نەقشبەندی سەرۆكی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەر لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە 2018 وەك لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەر لە ناو ھێزی پێشمەرگە بەردەوام كار دەكەین، سەردانی ھەموو یەكە سەربازییەكانمان كردووە و رێنوێنیی پێویستیان پێ دراوە.
دادوەر كوردەوان نەقشبەندی گوتی، ھۆشیاركردنەوەی ھێزی پێشمەرگە بە پلەی یەكەمە و باسی ئەوە دەكەین ئەنجامی چۆن دەبێت و ھۆشیاریی یاسایی ھاوكار بووە، بڕگەیەكی تێدایە ئەوەی ئالوودە بووە خۆی بداتە دەست، سزا نادرێت و چارەسەر دەكرێت، بۆیە زۆر کەس ھەیە ئامادە بێت چارەسەر بكرێت، نازانێت لە كوێ چارەسەر وەربگرێت، ئەمەیان بۆ ڕوون دەكەینەوە بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە پاك بكرێتەوە.
ئەو گوتی، لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پارساڵ پشكنینیان بۆ ھێزی ناوخۆ كردبوو، رێژەیەكی زۆر ئالوودەی مادە ھۆشبەرەكان بوون كە نزیكەی 10% بوو، بۆیە ئێمەش داوامان كرد ئەو پشكنینە بكەین و تا ئێستە وەڵاممان نەدراوەتەوە، بۆ ئەوەی لەناو ھەر ھێزێك چەند پشكنینێك بكەین، چونكە مادەی ھۆشبەر بووەتە مەترسیی یەكەم لە ھەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانیش لە ھەموو وتارەكانی ئاماژەی بە مەترسییەكانی ئەو مادە ترسناكە كردووە، ئامانج ئەوەیە ئەو مادەیە لەناو ھێزی پێشمەرگە بنبڕ بكرێت.
وشە/ بڵند ئیبراھیم