بینە و بەردەی ئێران و ئیسرائیل كۆتایی نایەت، ئەوان بە هیچ شێوەیەك سازش بۆ یەكتر ناكەن، بەتایبەتی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، بۆیە شوێنگرەوەی گفتوگۆ بریتییە لە شەڕ، لەوكاتەی ئیسرائیل ئامادەسازیی نهێنی كردووە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، ئێران هەڕەشە دەكات بەوەی زانیاریی تەواوی لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران هەیە.
بەپێی رۆژنامەی
"هائارتس"ی ئیسرائیلی، ئیسرائیل خەریكی ئامادەسازیی نهێنییە بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، هاوكات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی بەرانبەری ئێران، بۆ ئەو مەبەستەی چەند كۆبوونەوەیەك لە نێوان بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیلی و ئەمەریكی لە تەلەئەبیب ساز كراوە.
بەپێی رۆژنامەكە ئەگەری هەیە ئێران پێشنیازی ئەمەریكا بۆ وەستانی پیتاندنی یۆرانیۆم رەت بكاتەوە، هاوكات پێشنیازی خۆی بۆ ئەمەریكا بخاتە روو، لەوكاتەی ئیسرائیل بەمدواییە بژارەكانی لە كاتی شكستهێنانی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكای تاوتوێ كرد، لەوانەش هێرشكردنە سەر ئێران، پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی لە ئێران كردبوو ئەگەر گفتوگۆكەیان سەر نەگرێت، لە سەپاندنی ئەوپەڕی سزا بەردەوام دەبێت و هێرشی سەربازیی ئیسرائیلیش یەكێكە لە بژارەكان.
لەوكاتەی رافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی وریایی دا بەوەی ئەگەر ئێران رووبەڕووی هێرشێكی ئیسرائیل ببێتەوە، ئەگەری هەیە تاران بۆمبە ئەتۆمییەكەی ئاشكرا بكات و بە توندی و نائاسایی وەڵام بداتەوە، موحسین رەزایی ئەندامی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی رژێمی ئێران رای گەیاند كە هیچ شوێنیبَكی نهێنیی ئیسرائیل دوور لە بەئامانجگرتنی ئێران یان بە پارێزراوی نەماونەتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو بەڵگەنامە نهێنیانەی هەواڵگریی ئێران لەبارەی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئیسرائیلی دەستی كەوتوون.