ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێكی تایبەتی لەبارەی دۆخی عێراق ساز كرد، تیایدا محەمەد حەسان نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق راپۆرتێكی لەبارەی دۆخی ئەو وڵاتە و پرسە جیاجیاكان خستە روو.
بەپێی راپۆرتەكەی
حەسان خوێندییەوە، باسی ئەوەی كرد كە عێراق بۆ سەقامگیری و بنیاتنانی پێوەندیی تۆكمەی نێودەوڵەتی هەوڵ دەدات، ئەو سوپاسی عێراقی كرد بۆ یارمەتییە داراییەكانی بۆ لبنان و سووریا و كەرتی غەزە، دووپاتی كردەوە كە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق پابەندە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی رەوتی دیموكراسیەت لەو وڵاتەدا.
لە میانی راپۆرتەكەی حەسان دووپاتی لەوەش كردەوە كە عێراق پابەندە بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەكانی لە كەمپی هۆل لە سووریا و ئەوەش هەنگاوێكی ئەرێنییە، سەبارەت بە ئێزدییەكان، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای وەرگرتنی رێوشوێنی پاراستنی ئەوانی كرد و دووپاتی كردەوە حكوومەتی عێراق ددانی بە مافی ئەوان داناوە لە بوون بە خاوەن زەوی، ئەوەش بەرجەستەی پابەندی حكوومەتەكە بە فەراهەمكردنی مافی پێكهاتەكان و بەهێزكردنی بنەمای ئاشتەوایی كۆمەڵگەیی دەكات و دەستكەوتێكی گرنگە.
حەسان گوتی، متمانەی گەورەمان بە دادوەری لە عێراق هەیە كە رۆڵێكی سەرەكی لە چەسپاندنی بنەماكانی دادوەری و سەروەریی یاسا هەیە، سەبارەت بە دوارۆژی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی)، حەسان ئاماژەی كرد، نووسینگەكانی یۆنامی لە مووسڵ و كەركووك داخراون، ئەوەش وەك سەرەتای كۆتاهێنان بە كاری نێردەكە لە عێراق لە كۆتایی ئەمساڵ، لە هەنگاوێك بەرجەستەی متمانە بە توانای عێراق لە بەڕێوەبردنی كارەكانی خۆی.