مەسروور بارزانی: بە پلەی یەكەم سەرنجمان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە

:: PM:05:53:10/06/2025 ‌
مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، پابەندبوونمان بە جێبەجێكردنی كارەكان بە دروستی، كوردستانی كردووەتە خاوەن پێگەیەكی دەگمەن و بووەتە دەروازەیەك بۆ تەواوی عێراق.

مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بۆ تۆڕی هەواڵی "CNN" لەبارەی كەرتی وەبەرهێنان رای گەیاند، ئێمە لە ڕووی تەناهی و ژێرخانەوە بارودۆخێكی باشترمان هەیە، زوو دەستمان بە گەشەپێدان كرد بە بەراورد لەگەڵ تەواوی عێراق، بە پلەی یەكەم سەرنجمان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە.

"پابەندبوونمان بە جێبەجێكردنی كارەكان بە دروستی، كوردستانی كردووەتە خاوەن پێگەیەكی دەگمەن و بووەتە دەروازەیەك بۆ تەواوی عێراق، هەر كەسێك وەبەرهێنان لە كوردستان بكات دەرفەتی ئەوەشی هەیە سەیری تەواوی عێراق بكات". مەسروور بارزانی وای گوت.

سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە قسەكانیدا دووپاتی لەوە كردووە، ئامانجی پلانەكانیان بریتییە لە هەمەچەشنكردنی ئابووری و دەستەبەركردنی چەندان سەرچاوەی داهات بەبێ ئەوەی تەنیا پشت بە نەوت ببەستن.

هەروەك باسی لەوە كردووە، وەبەرهێنانی زۆری بیانی لە كوردستان نییە، هەر لەبەر ئەوەشە یاسای وەبەرهێنان دەگۆڕین، بۆ ئەوەی سەرنجی وەبەرهێنەری زیاتری بیانی ڕابكێشین.

لەبارەی گرێبەستەكانی ئەم دوایەی كە لە ئەمەریكا واژووی كرد، سەرۆك وەزیران گوتویەتی، لە گرێبەستەكانی ئەم دواییانەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بە بڕی 110 ملیار واژوو كراون.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم