گوشار لە ترەمپ دەكرێت بۆ لێدانی ئێران

:: PM:07:16:10/06/2025 ‌

سەرەڕای دووپاتكردنەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەوەی پێی باشترە رێگەچارەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی بگیرێتە بەر، بەڵام لە لایەن بەشێك لە ئەندامانی حزبی كۆماری گوشاری لێ دەكرێت بۆ توندكردنی هەڵوێست تا ئاستی لێدانی.

بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی ترەمپ ئاشكرای كرد كە كۆمەڵێك لە ئەندامە كاریگەرەكانی حزبی كۆماری، هەڵمەتێكی شاراوەی گوشاریان لەسەر ترەمپ دەست پێ كردووە، نەك تەنیا بۆ پاشەكشەكردن لە هەوڵی گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی لەگەڵ تاران، بگرە بۆ هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ هێرشێكی ئیسرائیلی بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران، وەك رۆژنامەی "پۆلیتیكۆ"، بڵاوی كردەوە.

بەرپرسە باڵاكە دەڵێت، ئەوان پاڵ بە ترەمپ دەنێن بۆ بڕیارێك كە خۆی نایەوێت، گرووپێكی گوشار هەیە پاڵپشتی لە شەڕ لەگەڵ ئێران دەكات، ئەوە لە بەرانبەر بوونی گرووپێكی تر پاڵپشتی لە گفتوگۆكان دەكات، مارك لیفین پێشكەشكاری پرۆگرامەكان لە پارتی كۆماری داوای لە ترەمپ كرد بۆ توندكردن لەگەڵ ئێران، كە لە دووری چەند رۆژێكە لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی، داوای كرد رێگە بە ئیسرائیل بدرێت بە هێرشكردنە سەر پێگە ئەتۆمییەكانی تاران.

ئێستە گوشارێكی گەورە لەسەر ئێران هەیە، لە 12ی نیسانی رابردوو گفتوگۆیەكی ناراستەوخۆ لەبارەی بەرنامە ئەتۆمیی تاران لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بە میانگیریی عومان هەیە و تا ئێستە پێنج گەڕی بەڕێوە چووە و لە بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆم پەكی كەوتووە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت شەشەم گەڕی گفتوگۆكان گرنگ بن، بەتایبەتی كە ئەمەریكا پێشنیازێكی داوەتە ئێران.

دوێنێ بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە تەلەفۆن دۆخی ناوچەكە و گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكایان باس كرد، ترەمپ لە دوای پێوەندییەكە گوتی، هەوڵ دەدەین لەگەڵ ئێران بە شتێك بگەین، رەنگە هەندێك جار لە هەڵوێستیان توند بن، پێنجشەمی داهاتوو نوێنەرانی هەردوو وڵات بەیەك دەگەن، ئێرانییەكان بیرۆكەی خۆیان لەبارەی رێككەوتن گەیاندووە و بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە، ئەوە لەوكاتەی ئیسرائیلییەكان پێیان وایە تاران پێشنیازەكەی ئەمەریكا رەت دەكاتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل