حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا، پارەیەكی زۆر بۆ هاووڵاتییان بگەڕێنێتەوە كە بەشێكن لە پڕۆژەی رووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی.
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بڕی 1.4 ملیار دینار دەگەڕێنرێتەوە ئەو خێزانانەی كە بەشێكن لە پڕٍۆژەی ڕووناكی، لە ئەنجامی ئەمەشدا، زیاتر لە 60 هەزار خێزان كە كارەبای 24 سەعاتییان هەیە، سوودمەند دەبن لەو بڕە پارەیەی حكوومەت دەیگەڕێنێتەوە بەشێوەی كرێدت بۆ پسوولەكانی مانگی پێنج.
روونیش كراوەتەوە، بە تێكڕا هەر یەكێك لەم ماڵانە تا 20 هەزار دینار بەشێوەی كرێدت لەسەر پسوولەكانیان وەردەگرنەوە، هەندێك گەڕەك هەن كە ماڵەكانیان بە تێكڕا تا نزیكەی 80 هەزار دیناریش وەردەگرنەوە.
هاوكات زیاتر لە 10 هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەم بڕە بۆیان، هیچ بڕە پارەیەك نادەن بۆ پسوولەی كارەبای مانگی پێنج.
بە ڕوونی وەزارتەكە ئاوا باسی كردووە:
- ئەو خێزانانە پێشتر پارەیەكی زیاتریان دابوو بۆ پسوولەی كارەبا، بە بەراورد بەو نرخە نوێیانەی ئەنجوومەنی وەزیران لە چەند هەفتەی ڕابروودا پەسەندی كرد.
-ئەو هاووڵاتییانەش دەگرێتەوە كە سوودمەند نەبووبوون لە پاڵپشتیی حكوومی بە ڕێژەی ٪15 لە مانگی سێیەمدا، كە ئەویش لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند كرا. ئەمەش وەك پاڵپشتییەكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لەسەر پاڵپشتیی مانگی یەكەم بە ڕێژەی ٪50 و مانگی دووەم بە ڕێژەی ٪25.
پێشتر، ئەنجوومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ نرخە نوێیەكانی كارەبای پەسەند كرد، لە ئەنجامدا، ئێستە ٪80ی هاووڵاتییان پارەیەكی كەمتر دەدەن بە كارەبا، بە بەراورد بە پێشوو بۆ كارەبای مۆلیدەی ئەهلی و نیشتمانی.
هەروەها، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تا بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پاڵپشتییانە و كۆمەڵێك دەستپێشخەریی تر دابین كردووە بۆ پاڵپشتیكردنی زیاتری هاووڵاتییان.