تەنگژەكانی عێراق قووڵتر و قووڵتر دەبنەوە، جیا لە تەنگژەی دارایی و ئابووری و كەمیی خزمەتگوزارییەكان و ئاو و كارەبا و خراپیی نەخۆشخانە و قوتابخانە و رێگەوبانەكان و نەبوونی هەلی كار و زیادبوونی رێژەی هەژاری و كورتهێنان و قەرز و هیتریش، خەریكە وشكەساڵی پارێزگاكانی باشووری عێراق دەخنكێنێت، بەتایبەتی لە سایەی نەبوونی سیاسەت و پلانێكی تۆكمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی.
لە سایەی ئەو دۆخەی رووبارەكانی باشوور پێیدا تێپەڕ دەبن بەهۆی كەمتەرخەمی و وشكەساڵییەوە، عەلی عەبادی سەرۆكی ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ وریایی لە ئەگەری تەقینەوەیەكی جەماوەری لە حەوت پارێزگای باشووری عێراق بەهۆی پیسبوون و وشكەساڵی دەدات.
روونی كردەوە، وشكەساڵی پارێزگاكانی باشووری گرتووەتەوە لەوانەش بەسرە، دۆخەكە كاتی نەماوە و رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێت و كاریگەرییە نەرێنییەكانی زیاتر دەبن، بەتایبەتی بەهۆی وشكبوونی حەوت بۆ نۆ رووبار كە لە دیجلە و فورات سەرچاوەیان گرتووە، ئەوان خەریكە بە تەواوەتیی وشك دەبن.
عەبادی روونی دەكاتەوە، ئێستە باشووری عێراق هەڕەشەی رووبەڕووبوونەوەی تسۆنامیی وشكبوونێكی فرەوانی لەسەرە كە ئەگەری سەرهەڵدانی توڕەییەكی گەورەی جەماوەری بەدواوەیە، لە سایەی نەبوونی پلانێكی بەپەلە و بەردەوامیی فەرامۆشكردنی حكوومەت بۆ دۆخەكە، تەنانەت ئەو بڕە ئاوەشی ماوە تووشی پیسبوونێكی زۆر هاتووەتەوە، ئەوەش نەهامەتییەكان زیاتر دەكات و هەڕەشەی دروستبوونی ناڕەزایەتیی فرەوانی جەماوەری لە داهاتووێكی نزیك دەكات.