لە پەیامێكیدا سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە ماڵبات و كەسوكار و هەڤاڵانی كەریم شنگالی و سەركردایەتی و كادر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەروەها هەموو شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی كوردستان كرد بەهۆی كۆچی دوایی کەریم شنگالى، لە خوای گەورە داواكار بوو رۆحی بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
لە دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا هاتووە، بەداخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ سێشەم 10ی حوزەیرانی 2025، تێكۆشەر و كەسایەتیی خەباتگێڕ و نیشتمانپەروەری گەلەكەمان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كەریم شنگالی بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان، هەمیشە یەكێك لە كادرە لێهاتوو و ماندوونەناسەكانی پارتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بووە، لە دەستپێك و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا فەرماندەیەكی چالاك و سەرەكی بووە، هەروەها لە سەردەمی خەباتی شاخ و لەدوای ڕاپەڕین و لە كاروباری سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسیدا ئەركەكانی خۆی دڵسۆزانە و زۆر بەباشی بەجێ گەیاندووە.
خوالێخۆشبوو كەیم شنگالی پێشمەرگەی ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی بوو. بۆ منیش وەك هەڤاڵێكی نزیك و هاوڕێی ڕێگەی خەبات بوو و تەمەنی خۆی لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان تەرخان كرد و لەدەستدانی كۆستێكی گەورەیە.
سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و كەسوكار و هەڤاڵانی كەریم شنگالی و سەركردایەتی و كادر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و هەموو شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی كوردستان دەكەم.
لە خودای مەزن داواكارم، ڕۆحی خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی، بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.