مەسروور بارزانی: بە ناڕەوا و نادەستووری مووچەی خەڵکی کوردستان بڕاوە

:: PM:09:18:10/06/2025 ‌

مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان رای گەیاند، بە پشتیوانیی خوای گەورە و خەڵکی کوردستان دەسبەرداری مافەکانمان نابین.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دامەزراوەی ڤیزت کوردستان، گوتی، بەرپرسانی عێراق بە شێوەیەکی ناڕەوا و نادەستووری بڕیاری راگرتنی مووچەیان داوە.

دەقی گوتارەکەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان..

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز
ئێوارەتان باش..

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لەم ڕێورەسمەدا، کە تایبەتە بە کردنەوەی سەکۆ و پلاتفۆرمی ڤیزیت کوردستان. دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و گشت کارمەندانی ئەو سەکۆیە دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

ئەم سەکۆیە، دەستپێشخەرییەکی ترە بۆ زیاتر ناساندنی کوردستان بە دەرەوە و ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.

حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی پلانەکانیدا بۆ بایەخدان بە هەموو کەرتەکان، گرنگی و بایەخێکی زۆریشی بە کەرتی گەشتیاری داوە. بێگومان هەرێمی کوردستان لە ڕووی گەشتیارییەوە، خاوەنی بنەما و پێگەیەکی گرنگ و شایستەیە و دەکرێ ببێتە یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی داهات و دەرفەتێکی زۆری کاریش بۆ گەنجەکانمان برەخسێنێت.

کوردستان خاوەنی دیمەن و سروشتێکی جوان و دڵگەشە، کە دەکرێ سوود لە هەر چوار وەرزەکە وەربگیرێت لە بواری گەشتوگوزارییەوە. لە ڕووی مێژووییشەوە، ئێمە خاوەنی دەیان ناوچە و شوێن و داستانی گرنگی مێژوویی و شوێنەوارین کە گەشتیاران، بە تایبەتی گەشتیارانی بیانی، دەتوانن سەردانیان بکەن. بۆ نموونە چەندان شوێن و مەزاری کۆن و دێرین و پیرۆزی ئایینی وەک مزگەوت و کلێسا و پەرستگەی هەموو ئایینەکان لە کوردستان هەن، وەک مەڵبەندێکی بەیەکەوەژیانی ئایینی و ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان. هەروەها لە کوردستان سەدان شوێنەوار و شوێنی گەشتوگوزارمان هەن کە لە ئاستی جیهانیشدا، زۆر ناسراون بۆ نموونە ئەشکەوتی شانەدەر و قەڵای هەولێر. هەروەها وڵاتی ئێمە کە بە وڵاتی میزۆپۆتامیا ناسراوە نیشتمانی دەیان داستانی ئەدەبی و مێژووییە لەوانە داستانی گلگامێش (گردگامێش)ی سەردەمی سۆمەرییەکان و شەڕی گۆگامێلا و هاتنی ئەسکەندەری مەزن بۆ ئەم ناوچەیە.

هاتنی گەشتیارانی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی باشە بۆ تێکەڵاوبوونی کولتوورە جیاوازەکان و زیاتر ناساندنی هەرێمی کوردستان بە دنیای دەرەوە دەناسێنێت. لە سەردەمی ئەمڕۆی شۆڕشی تەکنەلۆجیاشدا، ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا، دەتوانن ڕۆڵێکی کارا وکاریگەر و ئەرێنێ لە بواری زیاتر ناساندنی کوردستاندا بگێڕن.

ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بە هاوکاریی کەرتی تایبەت، بتوانێت لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا، 20 ملیۆن گەشتیاری بیانی ڕابکێشین بۆ سەردانی وڵاتەکەمان. ( ڤیزیت کوردستان)یش نموونەیەکی کارکردنی هاوبەشی کەرتی تایبەت و گشتییە بۆ هاندان و سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران، ئەم سەکۆیە نموونەی تەواوکەری کار و پلانەکانی حکوومەتە بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و سەرەنجام بەهێزکردنی ئابووری کوردستان.

ئامادەبووانی بەڕێز:
وەک ئاگادارن ئێمە لە کاتێکدا ئەم ڕێوڕەسمە دەکەین کە بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی و نادەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتنی خۆی بوەستێت، کە بە دڵنیاییەوە، لەم هەوڵەیاندا سەرکەوتوو نابن و ئێمە بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندان دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز و لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.

ئێمە هەموو پابەندییەکی دەستووری کە لە سەرمان بووە، زۆر بە زیادەشەوە جێبەجێمان کردووە. چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرانبەردا، مافەکانی خەڵکی کوردستانیش بدرێت، بەڵام بەداخەوە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو رێککەوتنانەش ناگیرێت کە واژوویان کردووە.

بەرپرسانی بەغدا، دەبێ بزانن کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش بەپێی دەستوور، قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و دەبێ لەو چوارچێوەیەدا، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. نەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان کە لە سەدەی ڕابردوودا، ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا، بە ئاگر و ئاسن و بەکارهێنانی هەموو چەکێک، ڕووبەڕووی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوونەوە، بەڵام ئەم سیاسەت و ڕەفتارانە، جگە لە ماڵوێرانی و وێرانکاری، هیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە. بۆیە هیوادارم بەرپرسانی بەغداش واز لەو سیاسەتە چەوتەی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردسان بێنن چونکە هیچ سوود و ئەنجامێکی نابێت.

ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بەردەوام دەبین. هیوادارین لە کاتێکی زوودا بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی هەموولایەکدا بێت.

جارێكی تریش پیرۆزبایی كردنەوەی ئەم سەكۆیە گرنگەتان لێ دەكەم و دەستخۆشی لە هەموو بەڕێوەبەران و گشت كارمەندانی ئەم دەستپێشخەرییە دەكەم و هیوادارم هەمیشە وڵاتەكەمان لە پێشكەوتنی زیاتردا بێت.

زۆر زۆر سوپاس.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم