ئەمشەو مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی سەرەخۆشی بۆ كۆچی دوایی كەریم شنگالی وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێم و سەركردەی دیار و دێرینی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند.
لە دەقی پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هاتووە، هەواڵی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و سەركردەی دیار و ناسراوی پارتی دیموكراتی كوردستان، زۆر خەمباری كردم.
كاك كەریم شنگالی لە هەموو قۆناخەكانی خەباتی گەلی كوردستاندا، پێشمەرگەیەكی ماندوونەناسی ئازا و تێكۆشەرێكی ناسراو و كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر بوو. لە هەموو ئەرك و بەرپەرسیاریەتییەكانیدا، زۆر بە دڵسۆزی و لێهاتووییەوە ، كارەكانی جێبەجێ دەكرد و كەسێكی وەفادار و جێی متمانە بوو.
بەم بۆنە خەمناكەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەكەی و هەموو كەسوكار و دۆست و هەڤاڵەكانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین . خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بكات و سەبر و ئارامییش بە هەموو لایەكمان ببەخشێت.