نێردراوی ئەمەریكا بۆ سووریا: ئەحمەد شەرع مەترسیی كوشتنی لەسەرە

:: PM:11:12:10/06/2025 ‌

پێوەندییەكانی ئەمەریكا و سەرۆكی كاتیی سووریا روو لە توندوتۆڵییە، بەتایبەتی لە دوای دیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ئەحمەد شەرع لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو لە ریاز، نێردراوی ئەمەریكا بۆ سووریا رای گەیاند كە واشنتن نیگەرانیی سەلامەتیی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریایە.

تۆماس باراك نێردراوی ئەمەریكا بۆ سووریا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"، ئاماژەی بەوە كرد، هەوڵەكانی شەرع بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتێكی گشتگیر و پێوەندیبەستن لەگەڵ رۆژئاوا، رەنگە بیكاتە ئامانجی تیرۆركردن لە لایەن توندڕەوە ناڕازییەكانەوە.

هەروەها گوتی، پێویستە سیستمێكی پارێزگاری لە دەوری شەرع رێك بخەین، زیاتر گوتی، دڵنیام بەرژەوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ شەرع هاوبەشن، ئەو كەسێكی زیرەك و متمانەبەخۆیە لەوەی دەیكات.

بەگوێرەی "ئەلمۆنیتۆر"، باراك تیشكی خستە سەر ئەو هەڕەشەیەی كە لە لایەن گرووپە چەكدارەكانی پێكهاتوو لە چەكدارانی بیانی دروست بووە، كە لە هەڵمەتی رووخانی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو چوونە پاڵ شەرع، لەو كاتەی سەركردایەتیی نوێی سووریا كار بۆ تێكەڵكردنەوەی ئەو چەكدارانە كە شارەزای شەڕیان هەیە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەكە دەكات، ئەوان لە لایەن گرووپەكانی وەك داعش كراونەتە ئامانج بۆ راكێشانیان بۆ ناو ریزەكانیان.

نێردراوی ترەمپ روونی كردەوە، هەرچەندە گەیاندنی یارمەتییە ئابوورییەكان بۆ سووریا دوا بكەوێت، ژمارەی ئەو گرووپانەن زیاتر دەبێت كە دەڵێن، ئەمە دەرفەتی ئێمەیە بۆ تێكدان، بۆیە پێش ئەوەی ئەو هێرشبەرە گریمانكراوانە بگەن، پێویستە رێگرییان لێ بكەین، ئەوەش پێویستیی بە هاوكارییەكی بەهێز و ئاڵوگۆڕیی زانیاریی هەواڵگری لە نێوان هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا هەیە، نەك دەستوەردانی سەربازی.

باراك ئاماژەی بە زنجیرەیەك ئاڵنگاری كرد كە رووبەڕووی شەرع دەبنەوە، لەوانە یەكخستنی هێزە كوردییەكان لەناو سوپای سووریا هەروەها تێكەڵكردنی یەكەكانی چەكدارانی بیانی و چارەسەركردنی كێشەی كەمپەكان لە باكوری سووریا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل