گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە رای گەیاند كە داوا لە بەغدا و هەولێر دەكەن كیشەكانیان بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بكەن، دووپاتی كردەوە، چارەسەركردنی كێشەی مووچە ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق ژینگەیەك دروست دەكات كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بیانەوێ وەبەرهێنانی تێدا بكەن.
ئەمڕۆ سێشەم تامی بروس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە تەلاری وەزارەتی دەرەوە لەبارەی بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان لە لایەن بەغدا گوتی، ئاگەداری بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستانین لە لایەن بەغداوە، داوا لە بەغدا و هەولێر دەكەین كێشەكانیان لە رێگەی گفتوگۆی بنیاتنەر بەگوێرەی ئەركە دەستوورییەكان چارەسەر بكەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، دەبێ كێشەی مووچە كۆتایی بێت و وەك نیازپاكی سەیری ئەو هەنگاوە دەكەین بزانین عێراق دەیەوێ ژینگەی كاركردن بۆ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا بڕەخسێنێت، چارەسەركردنی كێشەی مووچە ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق ژینگەیەك دروست دەكات كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بیانەوێ وەبەرهێنانی تێدا بكەن، چارەسەرێكی سەركەوتووانە ئاماژەیەكی ئەرێنی دەنێرێت لە بەیەكەوەكاركردنێكی گشتگیرتر، كە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەكان بێت، وەك كردنەوەی هێڵی نەوتی عێراق- توركیا و گەڕانی زیاتر بەدوای وزە بە بەشداریی كۆمپانیا ئەمەریكییەكانیشەوە.
بروس تیشكی خستە سەر ئەوەی لە میانی قسەكردن لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی عێراق، وەك سەرۆكوەزیران، ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە دووپاتی لە گرنگیی سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق و هەرێم كردەوە، لە میانی گفتوگۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی كرد، پشتیوانیی ئەمەریكا لە هەرێمێكی كوردستانی بەهێز و خۆڕاگر، كۆڵەگەیەكی سەرەكی پێوەندییەكانمانە لەگەڵ عێراق.