لەسەر كارێكی كۆمپانیاكانی حەج و عومرە، یەكێتیی زانایان نووسراوێك ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دەكات و داوای پابەندكردنیان لێ دەكات.
ئەمڕۆ سێشەم چواری تشرینی دووەم، یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، نووسراوێك ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دەكات، لەبارەی كەمتەرخەمیی بەشێك لە كۆمپانیاكان و عومرەكاران لە ئەنجامنەدانی تەوافی خواحافیزی، لە گەشتەكانی عومرە و پابەندنەبوونی بەشێك لە خاوەن كۆمپانیاكان، بەرانبەر گرێبەستی خۆیان لەگەڵ عومرەكان لە ماوەی گەشتی عومرەدا.
لە نووسراوەكەدا هاتووە، پێویستە سەرجەم عومرەكاران تەوافی ماڵئاوایی ئەنجام بدەن، بە پێچەوانەوە ئەنجامنەدانی ئەم تەوافە، دەبێتە هۆی واجبوونی (فیدیە) بەپێی ئەوەی كە سەرجەم عومرەكارانی كوردستان شافیعی مەزەون.
یەكێتیی زانایان دەڵێت بەپێی زانیارییەكان، هەندێك لە كۆمپانیاكان لە كۆی 10 رۆژ كە رێككەوتن لەگەڵ عومرەكاران ئەنجام دەدەن، تەنیا نۆ رۆژ دەمێننەوە و پێچەوانەی گرێبەستەكەیان هەڵسوكەوت دەكەن، بۆیە ئەگەر رۆژێك لە مانەوەیان كەم بكەنەوە، پێویستە بە رەزامەندیی عومرەكاران بێت و بە شتێكی تر قەرەبوو بكەنەوە.
شایانی باسە نووسراوەكە ئاماژەی بە كۆنووسی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا كردووە، كە لە 28/10/2025 ئەم بابەتەی بەپێی بەڵگەی شەرعی و لە فەتوایەكی تایبەت روون كردووەتەوە.