درۆنه‌كانی ئۆكراینا له قووڵایی هه‌زار و 500 كیلۆمه‌تریی خاكی رووسیا، كارگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پێترۆكیمیاییان كرده ئامانج.
رادی خهبیرۆف سه‌رۆك كۆماری باشقیرستان، له كه‌ناڵی تایبه‌تیی خۆی له تێلێگرام رای گه‌یاند، دوو درۆنی ئۆكراینا، دامه‌زراوه‌ی پیشه‌سازیی پێترۆكیمیایی ''سترلیتاماك''یان كردووه‌ته ئامانج و زیانیان به به‌شێك له‌و دامه‌زراوه‌یه گه‌یاندووه، به‌ڵام زیانی گیانی نه‌بووه.
تا ئه‌م ساته حكوومه‌تی ئۆكراینا له‌باره‌ی هێرشه‌كه هیچ زانیارییه‌كی بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له مانگه‌كانی رابردوودا ئه‌و وڵاته به ئامانجی پێش‌گرتن به هێرشه‌كانی رووسیا، هه‌وڵی داوه شوێنه ستراتیجییه ئابوورییه‌كانی وه‌ك پاڵاوگه‌ی نه‌وت و كۆگه‌كانی گاز و ناوه‌ندی لۆجستیكییهكان بكاته ئامانج.
ئۆكراینا داوای له ئه‌مه‌ریكا كردووه مووشه‌كی دوورهاوێژی تۆماهۆك بخاته خزمه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌هۆیه‌وه وه‌ڵامی هێرشه‌كانی رووسیا بداته‌وه.
دۆناڵد تره‌مپ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی چه‌ند جارێك باس كردووه و گوتوویه‌تی، له‌وانه‌یه مووشه‌كه‌كه بخاته خزمه‌تی ئۆكراینا، له‌مدواییانه‌شدا ئومێدی خواستووه جه‌نگ به بێ سوودوه‌رگرتن له‌و جۆره مووشه‌كه كۆتایی پێ بهێنرێت.
له به‌رانبه‌ردا پوتین سه‌رۆكی رووسیا هه‌ڕه‌شه‌ی كردبوو ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی له‌م شێوه‌یه بنرێت، ئه‌وا دۆخێكی نوێی ململانێ له نێوان مۆسكۆ و واشنتن‌دا ده‌ست پێ ده‌كات.