لەوكاتەی ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تووشی گەمارۆ و سزا و شەڕیش بووەتەوە، راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە ئەو وڵاتە لە دوای هێرشەكەی ئیسرائیل لە 13ی حوزەیرانی رابردوو سەرقاڵی بنیاتنانەوەی وێستگە ئەتۆمییەكانیەتی، ئەمڕۆ گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی هەرگیز هەوڵی بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نادات.
چیڕۆكی خواستی ئێران بۆ بوون بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی زۆر كۆن و مێژووییە، بەتایبەتی لە ئێرانی سەردەمی شۆڕشی ئیسلامی، هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە بە هاوشێوەی كۆریای باكور و ئیسرائیل ببێتە خاوەنی ئەو چەكە و بیخاتە خزمەتی ئەجینداكانی لە ناوچەكە، كەچی ئەمەریكا و ئیسرائیل و رۆژئاوا هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی نەك بۆمبی ئەتۆمی، نەبێتە خاوەنی بەرنامەیەكی ئاشتییانەی ئەتۆمی و مووشەكیش.
فاتیمە موهاجیرانی گوتەبێژ بە ناوی حكوومەتی ئێران رای گەیاند كە وڵاتەكەی هەرگیز هەوڵی بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نادات، بەرنامەیەكی ناوەكیی سەربازی نەبووە و ناشیبێت، بەرەو بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی ناچین، ئەوەش لەبەر سێ هۆكار، یەكەمیان بنەما كولتووری و مێژووییەكانمان دژی ئەو كارەن، دووەم، باوەڕە پتەوەكەمان كە لەسەر فەتوایەكی روون بنیات نراوە و بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی ئەو جۆرە بۆمبە حەرام دەكات، سێیەم بنەمای ئەخلاقیی نەتەوەی ئێران لەسەر مرۆڤایەتی و ئەخلاق بنیات نراوە.
موهاجیرانی دووپاتی كردەوە كە رافاییل گرووسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە لێدوانەكانی دوایی رای گەیاند كە ئێران لە رابردوو و ئێستەش بەرنامەیەكی سەربازیی ئەتۆمی نەبووە، پێچەوانەی هەندێك لە بۆچوونەكان ئەو بابەتەی بە روونی لە لێدوانەكانی دەربڕی.