دێرینترین پەرستگە لە باشووری كوردستان دۆزرایەوە

:: AM:10:23:05/11/2025 ‌
دێرینترین پەرستگە لە باشووری كوردستان لە سنووری بازیان دۆزرایەوە، پەرستگەكە لەسەر گردێكە و مێژووی ژیان و ئاوەدانی لەوێ حەوت هەزار ساڵ زیاترە.

ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی تشرینی دووەم، دڵشاد زاموای مامۆستای زانكۆ لە بەشی شوێنەوار بڵاوی كردەوە، تیمی زانكۆی كۆیمبرا و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی، دۆزینەوەیەكی گرنگیان ئەنجام داوە.

دەشڵێت، ئەم تیمە گەنجە زیاتر لە دەیەیەكە لە گردی كانی شایی بازیان كنە و پشكنین دەكەن. كانی شایی كاروانسەرای كولتوور و شارستانییە دێرینەكانی زاگرۆس و مێسۆپۆتامیایە، مێژووی ژیان و ئاوەدانی لەوێ حەوت هەزار ساڵ زیاترە. 

باس لەوەش دەكات، وەرزی ئەمساڵ دۆزینەوەی "تەلاری پەرستگەیەك"ی پێنج هەزارساڵەی دەرخست. پەرستگەكە هاوسەردەمی پەرستگە دێرینەكانی سۆمەرییەكانە.

روونی كردووەتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات گەلانی زاگرۆس لە باكور و سۆمەرییەكان لە باشووری مێسۆپۆتامیا، لە یەك سەردەمدا خاوەنی شارستانی و پەرستگە بوون. وردە وردە پڕوپاگەندەی سیاسی- ئاینی سۆمەری ڕوونتر دەبێتەوە كە گەلانی زاگرۆسیان بە خراپەكار و بەربەری، لە شێوەی دێوی خومبابا زاگرۆسییەكانیان وێنا دەكرد، خۆیان بە گلگامێش و پاڵەوان وێنا دەكرد، دێوەكەیان دەكوشت. ئێستە كنە و پشكنینەكان لە زاگرۆس ئەوە دەردەخەن، ئێرە قەراغ و لێواری شارستانی نەبووە، بەڵكو بەشێك بووە لە كرۆكەكەی.


وشە - رامیار جەواد