گوتەبێژی بارەگای بارزانی، وەڵامێكی توندی دەوڵەت باخچەلی دەداتەوە لەبارەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ جەزیرێ.
وەڵامێك بۆ لێدوانەكەی باخچەلی لەسەر سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ جزیرێ:
بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە كە دوورە لە هەموو عورفێك و خزمەتی هیچ لایەك ناكات.
قسەكانی باخچەلی لەحاڵیكدایە كە هەموو ئەو وردەكارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی گیرابووەبەر بەپێی تەوافوقێكی پڕۆتۆكۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێم و توركیا. لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەكاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەكانی توركیاش بۆ هەرێم یەكە سەربازییە تایبەتەكانی توركیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێك ڕووینەداوە.
سەردانەكەی سەرۆك بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی كە باخچەلی ئیدعا دەكات پشتیوانی لێ دەكات. ئێمە وامان دەزانی كە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت كردووە و وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە كە هێشتا گورگە بۆرەكەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا.
گوتەبێژی بارەگای بارزانی
2ی كانوونی یەكەمی 2025