نەتنیاهۆ داوا دەكات لە دیمەشقەوە تا جۆلان لە چەك داماڵرێت

:: PM:05:37:02/12/2025 ‌

لەوەتەی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا لە كۆتایی 2024 رووخاوە، ئیسرائیل جیا لە لەشكركێشی سەربازی بۆ ناو خاكی ئەو وڵاتە، هەڵمەتێكی فرەوانی سەربازی دەست پێ كرد و تەواوی ژێرخانی سەربازی رژێمی پێشووی لەناو برد، بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند كە ئەوەی تەلئەبیب لە سووریای دەوێت ناوچەیەكی داماڵراوە لە چەك لە دیمەشقەوە تا ناوچەی دابڕاوی سنووری لە جۆلان.  

روونی كردەوە، ئەو رێگایە دەمانگەیەنێتە رێككەوتن لەگەڵ سوورییەكان، وەك ئاماژەیەك بۆ ئامادەییەكی مەرجداری ئیسرائیل بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ لە نێوانیان، ئەگەر دیمەشق پابەندی داوا تەناهییەكانی ئیسرائیل بێت، بۆیە پێشبینی دەكەین ناوچەیەكی لە چەك داماڵراو لە دیمەشقەوە تا ناوچەی سنووری دابڕاو دروست ببێت، كە جەبەل شێخیش بگرێتەوە، كە ئەو ناوچانە بۆ مسۆگەریی پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییە ئیسرائیلییەكان لەژێر دەستی ئێمە دەمێنێتەوە. 

دووپاتی كردەوە، ئێمە سوورین لەسەر پاراستنی ناوچە سنوورییەكانمان، هەروەها لەسەر بەرگریكردن لە درووزە هاوپەیمانەكانمان و ئیسرائیل لەهەر هێرشێكی زەوی لە سنوورەكانیەوە پارێزراو بێت، هەروەها سوورین لەسەر رێگرتن لە جێگیربوونی تیرۆریستان لەسەر سنوورەكانمان و ئەنجامدانی كاری دوژمنكارانە.  

ئەو قسانەی نەتنیاهۆ دوای زیادبوونی لەشكركێشیی سوپای ئیسرائیل بۆ ناو خاكی سووریا دێت، هاوكات دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی سووریا حكوومەتی ئیسرائیلی لە وەرگرتنی رێوشوێن لە دژی سووریا وریا كردەوە كە ببێتە رێگرتن لە گۆڕانكاریی سیاسی لە سووریا، گوتی، گرنگە ئیسرائیل پارێزگاری لە گفتوگۆیەكی بەهێز و راستەقینە لەگەڵ سووریا بكات و نابێت شتێك رووبدات رێگری لە گۆڕانی سووریا بۆ دەوڵەتێكی گەشەسەندوو بكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل