نوێنەرێكی مامۆستایانی وانەبێژ رای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچەكانیان، ئەو مووچانەی لە سەرەتای ئەمساڵ دواكەتبوو، بۆیان قەرەبوو كرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم سێی كانوونی یەكەم، رێبوار مستەفا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێك لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەكرێت.
زیاتر گوتی، بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری، مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دابەش دەكرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە دوو مانگی رابردوودا پێشخستن بۆ ئەوانە كرا كە مووچەیان دواكەتبوو بۆ ئەوەی هاوشێوەی فەرمانبەران مووچەكانیان وەربگرن، بۆیە دوو مووچەیان بەسەر یەكەوە وەرگرت، ئێستە هاوشێوەی ئەو فەرمانبەرانەی لە عێراق تۆماریان هەیە، ئێمەش مووچە وەردەگرین.
هاوكات هەر لەو دوو ڕۆژەدا مووچەی مانگی ئەیلوول و مووچەی مانگی ئاداری ساڵی 2025ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەكرێت، لە دوای یەكی تەمووز بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێم دامەزراون كە شایستەكانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.