سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە باڵوێزی یۆنان لە عێراق دەكات، لە كۆبوونەوەی نێوانیان، باڵوێزی یۆنان ستایشی كاروانی ئاوەدانی و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستانی كرد و پیرۆزبایی و دەستخۆشیی لە سەرۆكی حكوومەت كرد.
ئەمڕۆ چوارشەم سێی كانوونی یەكەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە جۆرجیۆس ئەلەمانۆس باڵوێزی یۆنان لە عێراق كرد بە بۆنەی كۆتاهاتنی ئەركەكەی.
لە دیدارەكەدا كە نیكۆلۆس ستێرگیولاس كونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، سەرۆكی حكوومەت وێڕای ئاماژەدان بە پێوەندیی لە مێژینە و دۆستانەی نێوان هەردوولا، سوپاسی باڵوێزیشی كرد بۆ كاركردنی لە پێناو بەهێزكردن و بەرەوپێشبردنی پێوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.
باڵوێزی یۆنان ستایشی كاروانی ئاوەدانی و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستانی كرد و پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە سەرۆكی حكوومەت كرد، بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و چاكسازییەكان لە كەرتە جیاوازەكاندا، خواستی وڵاتەكەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی.