ئەمڕۆ رۆژی جیهانی كەمئەندامانە، ماوەی ساڵێك و نیوە هەرێمی كوردستان 13 هەزار ناوی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ عێراق ناردووە، بەڵام عێراق خۆی بێدەنگ كردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم سێی كانوونی یەكەم، سەمەد خۆشناو ئەندامی دەستەی كارگێڕی رێكخراوەكانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ساڵی 2014وە تا ئێستە، هیچ خاوەن پێداویستییەكی تایبەت ناوی لە لیستی هاوكاری زیاد نەكراوە.
زیاتر گوتی، بەرپرسانی وەزارەتی كار ساڵێك زیاترە ناوی 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ عێراق ناردووە، سەرجەمیان پشكنینی پزیشكیان بۆ كراوە كە رێژەی كەمئەندامییەكەیان زۆرە، بەڵام عێراق خۆی بێدەنگ كردووە و وەڵام ناداتەوە.
باسی لەوەش كرد، ئێستە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 87 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە سوودمەندن لە هاوكاری مانگانەی 150 هەزار دینار، بەڵام ئێمە چاومان لەوەیە ئەو بڕە هاوكارییە زیاد بكرێت و ئەوانەشی 11 ساڵە چاوەڕوان داخل نەكراون، داخل بكرێن.
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەتەكانە و لەو رۆژە چەندان چالاكیی جۆراوجۆر لە سەرانسەری دنیا بەڕێوە دەچن.