نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە مایكڵ ڕیگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد، هەردوولا باسیان لە دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و تیشكیان خستە سەر بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەم سێی كانوونی یەكەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە مایكڵ ڕیگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد كە بۆ كردنەوەی تەلاری تازەی كونسوڵگەی گشتیی ئەمەریكا له هەولێر، سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
لە كۆبوونەوەیەكدا وێڕای بەخێرهێنان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سەردانی بەڕێزیانی كرد و دووپاتی كردەوە، سەردانەكە نیشانەی پابەندیی ئەمەریكایە بە بەردەوامیی پێوەندیی درێژخایەن و ستراتیجی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان. هەروەها سوپاسی ئەمەریكای كرد بۆ پشتیوانی و هاوكارییەكانی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا.
هەردوولا باسیان لە دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و تیشكیان خستە سەر بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان. لەمبارەیەوە دوایین هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆریان سەركۆنە كرد و دووپاتیان كردەوە، دەبێ ئەنجامدەران ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە، هەروەها چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
پێوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەترسییەكانی داعش، دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و چەند پرسێكی تری جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.
هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسان، ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.