بۆ دەرئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوە رێبەر ئەحمەد گەیشتە بەغدا

:: PM:03:11:03/12/2025 ‌
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەندامی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشی سەر كێڵگەی كۆرمۆرە، گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی عێراق كۆ ببێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی كانوونی یەكەم، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ تەواوكردنی كاروباری لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر گەیشتە بەغدا.

 وەزیری ناوخۆ بڕیارە لەگەڵ سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ و حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری كۆ ببێتەوە. 

ئامانجی كۆبوونەوەكە، بۆ تەواوكردنی كارەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوەیە لە هێرشەكەی سەر گێڵگەی كۆرمۆر و ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكە.

هەینی ڕابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر هێرشەكەی كێڵگەی گازی كۆرمۆر بەسەرپەرشتی عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ، پێكهێنا و لیژنەكە سەردانی كۆرمۆریان كرد، بڕیار بوو لە ماوەی 72 سەعاتدا ڕاپۆرتی كۆتایی خۆیان بدەن بە سوودانی.

لە 27ـی تشرینی دووەم، بە مووشەك هێرش كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەكە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران. بووە هۆی پچڕانی زیاتر لە 80%ـی كارەبای هەرێمی كوردستان و بەشێك لە پارێزگاكانی عێراق.



وشە - رامیار جەواد