سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی كردنەوەی باڵەخانەی نوێی كونسوڵگەی ئەمەریكا، بەشداریی كرد و گوتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، سوپاسی سەرۆك ترەمپ دەكەم.
ئەمڕۆ چوارشەم سێی كانوونی یەكەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كاتی كردنەوەی كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر لە گوتارەكەیدا رای گەیاند، كردنەوەی باڵەخانەی نوێی كونسوڵگەی ئەمەریكا، دووپاتكردنەوەیە لەسەر بەردەوامیی پێوەندیی نێوان هەولێر و واشنتن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی، پێشمەرگە شانبەشانی ئەمەریكا شەڕی دژی داعشیان كرد و ئەمەریكا هەمیشە لە پاڵ گەلی كورد وەستاوە.
دەشڵێت، بەتەواوی پشتگیری لە هەوڵ و هەنگاوەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەكەین لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا، هەروەها دەستخۆشیی لێ دەكەین بۆ دیاریكردنی مارك ساڤایا وەك نێردەیەكی تایبەتی بۆ عێراق، ئەمە پێشهاتێكی گرنگە.
جێگرەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گەیشتە هەرێمی كوردستان، كونسوڵگەی نوێی وڵاتەكەیەتی لە هەولێری پایتەخت كردەوە كە گەورەترینە لەسەر ئاستی دنیا. ئەو كونسوڵگەیە لەسەر رووبەری 82 دۆنمە دروست كراوە و تێچووەكەی نزیكەی یەك ملیار دۆلارە.