ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بڵاو كرایەوە

:: PM:04:21:03/12/2025 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئاماژەی بە گرنگیی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا كرد.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی كانوونی یەكەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مایكڵ ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبووەوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئاماژەی بە گرنگیی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا كرد و گوتی، كردنەوەی كۆمەڵگەی نوێی كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر، نیشانەی پابەندبوونی وڵاتەكەیەتی بە پێوەندیی بەهێز و دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان. دووپاتیشی كردەوە كە خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەمەریكین لە كوردستان.

سەرۆكی حكوومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریكای لە قۆناغە جیاجیاكاندا كرد، ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی بۆ برەودان بە پێوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە.

هەردوولا بە توندترین شێوە هێرشی تیرۆریستی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆریان شەرمەزار كرد.

دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.


وشە - رامیار جەواد