ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق /پارتی/ زانیاری لەبارەی گفتوگۆكان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ئاشكرا دەكات و دەڵێ، رەوا نییە فراكسیۆنێك خاوەنی تەنیا 17 كورسیی پەرلەمانی بێت، پۆستی سەرۆك كۆماری لابێت.
ئەمڕۆ شەموو 10ی كانوونی یەكەم، ئیخڵاس دلێمی ئەندامی پەرلەمانی عێراق
رای گەیاند، گفتوگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەردەوامە، لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستانیش كراوە.
دووپاتی كردەوە كە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت بۆ كورد بێت، وەك ئەوەی كە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە و سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە دەبێت.
دلێمی ئەوەی ئاشكرا كرد كە ئەگەر هەر لایەنێك پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، پێویستە لە بەرانبەردا دەستبەرداری هەندێك پۆستی تر بێت چ لە ناو حكوومەت و چ لە سەرۆكایەتییەكاندا.
ئەو هێمای بۆ ئەوە كرد كە رەوا نییە فراكسیۆنێك خاوەنی تەنیا 17 كورسیی پەرلەمانی بێت، پۆستی سەرۆك كۆمار و دوو وەزارەت و پێنج دامەزراوە و چەندان پۆستی تری لەلا بێت، بۆیە دەبێت ئەوە بكرێت بە مەرج.
ئەوەیشی بە بیر هێنایەوە كە پارتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت، لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵبژاردنەكە بە هەمان میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی دەبێت.
لێدوانی دلێمی لە كاتێكدایە كە ژمارەیەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەن و لە نێوانیاندا پارتی و یەكێتی بە جیا كاندیدیان دیاری كردووە.