ئومێد خۆشناو: لە ئێوارەی ئەمڕۆوە موەلیدەكان دەخرێنەوە كار

:: PM:03:46:03/03/2026 ‌
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، لەمڕۆوە دەبێت موەلیدەكان كارەبا بدەنەوە بە هاووڵاتییان و لە سەعات پێنجی ئێوارە بۆ شەشی بەیانی دەبێت. 

خۆشناو لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، ئەو دۆخەی كە بڕیارە موەلیدەكان كاری پێ بكەنەوە، بۆ 10 ڕۆژ دەبێت و تا ئەو كاتە بەهیواین دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە. 

هەروەها لەبارەی پارەی موەلیدەكانیش گوتی، نرخی ئەمپێری كارەبای موەلیدە پێنج هەزار دینار دەبێت بۆ 10 ڕۆژ، ئێستە ئەو بڕیارە دراوە و لەمڕۆوە دەبێت بخرێنەوە كار. 

ئەوە لە كاتێكدایە كە بەهۆی مەترسیی سەر كێڵگەی كۆرمۆر، كارمەندەكان رێوشوێنی خۆپارێزییان گرتووەتەبەر و ئەوەیش بەرهەمهێنانی كەم كردووەتەوە كە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی كارەبا. 

هەر ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، ئەو دۆخەی بەسەر كارەبادا هاتووە كاتییە و "لەسەر بەڵێنەكەی خۆمانین كە كارەبای تەواوی كوردستان تا كۆتایی ئەمساڵ ببێتە 24 سەعاتی". 



وشە - وشه‌