سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند، بە تەواوی دەستیان بەسەر گەرووی هورمزدا گرتووە، ئێستە گەرووەكە بە تەواو لە ژێر كۆنترۆڵی ئێراندایە. تا ئێستە هیچ لایەنێكی تر زانیارییەكانی ئێرانی پشتڕاست نەكردووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم چواری ئادار، محەمەد ئەكبەر زادە بەرپرسی هێزە دەریاییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاژانسی فارسی ئێرانی راگەیاندووە، ئێستە گەرووی هورمز بە تەواوی لە ژێر كۆنترۆڵی ئێراندایە.
سكای نیوزی عەرەبی كە هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە، ئاماژەی بۆ لێدوانێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كردووە كە شەوی رابردوو لەبارەی گەرووی هورمز گوتوویەتی، "هێزی دەریایی ئەمەریكا دەتوانێ كەشتییە نەوتییەكان لە هورمز بپارێزێت ئەگەر پێویست بكات".
گەرووی هورمز بە شادەماری بازرگانی نێودەوڵەتی دادەنرێت و چەندان ساڵە ئێران هەڕەشەی داخستنی دەكات و بەر لە هەڵگیرسانی شەڕیش سوپای پاسدارانی ئێران، مانۆرێكی سەربازیی لە نزیك هورمز ئەنجام دا.