كێشە و ململانێی نێوان وڵاتانی عەرەبی و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ چەندان ساڵ و بەدیاریكراوی بۆ 48 سەعات پێش دروستبوونی دەوڵەتی ئیمارات دەست پێ دەكات، ئەویش گرتنی سێ دوورگەیە لەلایەن ئێرانەوە كە وڵاتانی عەرەبی بە موڵكی ئیماراتی دەزانن.
ئەو سێ دوورگەیەی كە وڵاتی ئیمارات عەرەبی 55 ساڵە داوای گەڕانەوەی دەكات، ئەوانیش بریتین لە دوورگەكانی "ئەبو مووسا و تونبی گەورە و تونبی بچووك" كە سێ دوورگەی ستراتیجین لە نێوان ئێران و ئیماراتدا، كە چەندان دەیەیە كێشەی سیاسی و یاسایی گەورەیان لەسەرە.
ئەو دوورگانە بە دەست هەر وڵاتیك بن، دەتوانێت بە ئاسانی بەسەر گەرووی هورمزدا زاڵ بێت، چونكە ئەم دوورگانە لە نزیك گەرووی هورمز هەڵكەوتوون، ئەم شوێنە یەكێكە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەكانی دنیا بۆ گواستنەوەی نەوت، هەر لایەنێك دەسەڵاتی بەسەر ئەم دوورگانەدا هەبێت، دەتوانێ كۆنترۆڵی جووڵەی كەشتییەكان لە كەنداودا بكات كۆنترۆڵی تەواوی ناوچەكە لەرووی دەریاوانی بكات.
پێشتر ئیماراتییەكان لە رێگەی نەتەوە یەكگرتووەكان چەندان جار بابەتی گەڕانەوەی سێ دوورگەی خۆی باس كردووە، چونكە ئیمارات پێیان وایە ئەم دوورگانە بە مێژوویی سەر بەوان بوون پێش ئەوەی بەریتانیا لە ناوچەكە بكشێتەوە، هەرچی ئێرانە دەڵێت ئەم دوورگانە لە مێژوودا بەشێك بوون لە خاكی ئێران و لە ساڵی 1971دا تەنیا دوو ڕۆژ پێش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئیمارات، هێزە سەربازییەكانی ناردووە و كۆنترۆڵی كردوون.
ئەم سێ دوورگەیە رووبەرێكی بچووكیان هەیە، بەڵام پێگە و شوێنێكی گرنگیان هەیە، دوورگەی ئەبو مووسا ڕووبەرەكەی 12 كیلۆمەتر دووجایە گەورەترین دوورگەیە، دوورگەی تونبی گەورە، ڕووبەرەكەی 10 كیلۆمەتر دووجایە، دوورگەی تونبی بچووك، ڕووبەرەكەی دوو كیلۆمەتر دووجایە.
ئەم سێ دوورگەیە تەنیا بە 48 سەعات پێش دروستبوونی دەوڵەتی ئیمارات، لە ساڵی 1979 لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا.