تەندروستیی جیهانی: هێرشەكان زیانی زۆریان بە دامەزراوە تەندروستییەكانی ئێران گەیاندووە

:: AM:09:58:04/03/2026 ‌
سەرۆكی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لەبارەی هێرشكردنە سەر دامەزراوە تەندروستییەكان لە ئێران، هۆشداریی دا و دووپاتی لە پاراستنی گیانی نەخۆش و كارمەندانی پزیشكی كردەوە.

تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس سەرۆكی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوە كرد، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتوون، تەقینەوەكانی نزیك نەخۆشخانەی "مۆتەهاری" لە تارانی پایتەختی ئێران، بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە بەشێك لەو دامەزراوە تەندروستییە.

ئەدهانۆم لە پەیامێكدا رای گەیاند: "لە كاتی قەیران و ململانێكاندا، نەخۆشخانە و كلینیكەكان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستن بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان، بۆیە نابێت بكرێنە ئامانج."

هەروەها داوای لە هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان كرد، رێگریی بكەن لە هەر جۆرە زیانێكی گیانی و هێرشێك كە كارمەندانی چاودێریی تەندروستی و نەخۆشەكان لەناو دامەزراوەكاندا بخاتە مەترسییەوە. دووپاتیشی كردەوە، دەبێت ژێرخانی تەندروستیی لە هەموو ململانێیەك بەدوور بگرێت.



وشە - سۆران عەزیز