فڕەنسا دەستی بە جووڵاندنی فڕۆكە و كەشتی جەنگی كرد

:: AM:10:34:04/03/2026 ‌
وەزیری دەرەوەی فڕەنسا ئاشكرای كرد، فڕەنسا دەست بە ڕەوانەكردنی فڕۆكەی جەنگی ڕاڤال بۆ ئاسمانی ئیمارات دەكات، تا لەو ڕێگەیەوە بنكە سەربازییەكانی خۆی لە ئیمارات بپارێزێت.

ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فڕەنسا بۆ كەناڵی "بی ئێف ئێم تی ڤی"ی فڕەنسی گوتی، ئەو فڕۆكە جەنگییەكانە هەڵمەتی تەناهی ئاسمانییان لەسەر ئاسمانی بنكەكانمان ئەنجام داوە، ئێستەیش ڕەوانەی ئیماراتیان دەكەین، بۆ ئەوەی بنكە سەربازییەكانی فڕەنسا بە پارێزراوی بمێننەوە، هەرچەندە وردەكاریی ئەركی ئەو فڕۆكانەی لە ناوچەكە نەخستە ڕوو، بەوەی كە ئایا بەشداریی خستنەخوارەوەی فڕۆكە بێ فڕۆكەوان و مووشەكەكانی ئێران دەكەن كە هەڕەشە لەسەر بنكە سەربازییەكانی فڕەنسا دروست دەكەن یان نا.

لەلایەكی ترەوە دوێنێ سێشەم ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا، فەرمانی بە جووڵاندنی كەشتیگەلی شارل دیگۆل بۆ ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست كرد، لە تەك ئەمەیشدا ڕەخنەی لە هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل گرت و بە پێشێلكردنی چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی كردووە، ئەم بابەتەیش ناتوانین ڕەزامەندیی لەسەر بدەین.

هاوكات ماكرۆن ڕەخنەی توندی لە ئێران گرت و گوتی، هۆی سەرەكیی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە كە بەردەوامە لە بەرنامە ناوكییە مەترسیدارەكەی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د