رینۆ ساڵانە لە ئێران 150 هەزار ئۆتۆمبێل دروست دەكات

:: PM:03:11:01/10/2016 ‌

كۆمپانیای فڕەنسیی رینۆ ئاشكرای كرد، لەگەڵ ئێران گرێبەستێكی نوێی ئیمزا كردووە كە بە گوێرەی ئەو گرێبەستە، ساڵانە ١٥٠ هەزار ئۆتۆمبێل لە ئێران بەرهەم دێنێت. گرێبەستەكە لەگەڵ دامەزراوەی پەرەپێدان و بنیاتنانەوەی ئێران ئیمزا كراوە.

لە ئاگادارییەكدا كە كۆمپانیای رینۆ بڵاوی كردەوە، لەمەودوا ئەو كۆمپانیایە سەنتەری فرۆشتنی دەبێت و هاوكات بەشی تایبەت بە خزمەتگوزاری و خستنەڕووی ئامێری یەدەگیشی دەبێت.

دوای رێككەوتنی ناوكی لەگەڵ ئێران، دووبارە كۆمپانیای رینۆ گەڕاوەتەوە ئێران و دوو جۆری ئۆتۆمبێلی "سومبۆل و داستەر." دەبێتە یەكەم جۆری ئۆتۆمبێلی ئەو كۆمپانیایە كە لە ساڵی ٢٠١٨ دەخرێتە بازاڕەوە. داستەر لە وڵاتانی ئەوروپی بە داچیا ناسراوە.

گرێبەستەكە دوێنێ هەینی لە تاران ئیمزا كرا و پێشتریش رینۆ بۆ ماوە ١٢ ساڵ لە ئێران چالاكی هەبووە.

هێشتا ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە ئێران دەفرۆشرێن كە لە لایەن كۆمپانیای رینۆوە هاوردەی ئێران دەكرێن. هەر دوێنێ كۆمپانیای بیجۆش ئاشكرای كرد لە بەرنامەیدایە ساڵی داهاتوو لە ئێران ٣٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل بفرۆشێت.

بە گوتەی پسپۆڕانی ئابووری، پێشتر رینۆ و بیجۆ باڵیان بەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێلی ئێراندا گرتبوو و رەكابەریان نەبوو، بەڵام ئێستە كۆمپانیا چینییەكان ركابەری ئەو دوو كۆمپانیایە دەكەن چونكە لە كاتی گەمارۆ ئابوورییەكان، ئێران رێگەی بۆ كۆمپانیاكانی چین دا لە ئێران چالاكییان هەبێت.

وشە/بی بی سی_و:سلێمان تاشان



وشە - سلێمان تاشان