سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی راگرتنی شەڕ و ئاگربەست پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت، ئومێدەوارم ئاگربەستی نێوان ئەمەریكا و ئێران بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوی كردەوە رای گەیاند، ئومێدەوارم ئاگربەستی نێوان ئەمەریكا و ئێران بەردەوام بێت و ڕێخۆشكەر بێت بۆ سەقامگیری و ئاشتییەكی بەردەوام لە ناوچەكەدا.
دەشڵێت، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەكەم كە هاوكارمان بوون لە پاراستنی هەرێمی كوردستان. هێرشەكانی سەر كوردستان ناڕەوا و بێ پاساو بوون. هیوادارم هەموو هێرشەكان بۆ سەر خەڵكی سڤیل و پێشمەرگە و ژێرخان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان كۆتاییان پێ بێت.
ئاماژە بەوەش دەكات، هەرێمی كوردستان ئامادەیە پشتگیریی هەموو هەوڵێك بكات بۆ كەمكردنەوەی گرژی و گەیشتن بە ئاشتیی هەمیشەیی لە ناوچەكەدا.