دوای رێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران لەسەر ئاگربەستی دوو هەفتەیی و كردنەوەی گەرووی هورمز، تا ئێستە تەنیا شەڕ و بۆردمانەكانی ئێران وەستاوە، گەرووی هورمز هێشتا نەكراوەتەوە و ئیسرائیلیش دەستی لە بۆردمانكردنی حزبوڵا بەر نەداوە، لەو ناوەدا ئێران كە خۆی بە سەركەوتوو دەزانێت، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و بۆردمانكردنی دەكات بەهۆی حزبوڵاوە.
ئاژانسی
"فارس"، لە سەرچاوەیەكی سەربازیی ئێرانی گواستەوە كە تاران تاوتوێی وەڵامدانەوەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان و حزبوڵا دەكات، كە بە پێشێلكارییان بۆ رێككەوتنی ئاگربەست دەزانێت، لەوكاتەی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو بابەتەی لەگەڵ فەرماندەی سوپای پاكستان باس كردووە.
لەوكاتەی شارەزایان پێیان وایە ئەگەر ئێران وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە، دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی ئەو ئاگربەستەی چەند سەعاتێكە رێككەوتنی لەسەر كراوە، ئەوە لەو كاتەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە رێككەوتنی ئاگربەستەكەی ئێران لبنان ناگرێتەوە.
ئەمڕۆ ئیبراهیم رەزائی گوتەبێژ بەناوی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی بەردەوامیی هێرشە وێرانكەرەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا لە لبنان، داوای داخستنەوەی گەرووی هورمز دەكات، زیاتر گوتی، وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان، پێویستە راستەوخۆ هاتوچۆی كەشتییەكان بە گەرووی هورمز بوەستێت، دەبێت ئاگربەستەكە تەواوی بەرەكان بگرێتەوە، پێویستە گورزێكی بەهێز لە ئیسرائیل بدرێت بۆ راگرتنی هێرشەكانی بۆ سەر لبنان.