ترەمپ: لبنان لە ڕێککەوتنی ئاگربەستدا نییە و ئێرانیش ئەوە دەزانێت

:: PM:06:10:08/04/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند، لبنان لە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەدا نییە، ئەوەش دوای دەرچوونی هەڵوێستی ئێران کە هەڕەشەی گرژکردنی دۆخەکە و کشانەوە لە ڕێککەوتنەکە دەکات بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "پی بی ئێس"ـی ئەمەریکی دووپاتی کردەوە، لبنان لە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەدا نییە و ئێرانیش ئەوە دەزانێت.

لەبارەی پێشهاتەکانی دانوستان لەگەڵ ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو لا، ترەمپ بۆ ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ـی ڕوون کردەوە، دانوستانە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێران بەمزووانە دەست پێ دەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەنگە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، بە شێوەیەکی کەسی ئامادەی دانوستانەکانی پاکستان نەبێت.

پێشتر لە شەوی سێشەم لەسەر چوارشەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕەزامەندیی خۆی دەربڕی لەسەر هەڵپەساردنی بۆردمان و هێرشەکانی سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ پاکستان ئەنجامی داوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە پێشنیازێکی ئێرانیی لە 10 خاڵ پێ گەیشتووە و بە بنەمایەکی کرداری بۆ دانوستانەکانی هەژمار دەکات.


وشە - پۆڵا مەحموود