بڕیارە شەمووی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ساز بكات، شارەزایان دەڵێن كێشەكە تەنیا لە تەواونەبوونی نیسابی ئامادەبوونی ئەندامان نییە، بەڵكو لە رێكنەكەوتنی هێزە سیاسییەكانە بە كورد و شیعە و سونەوە، پەرلەمانتارێكی پارتی پێی وایە فوئاد حوسێن بۆ ئەو پۆستە گونجاوە و بەشداریكردنیان لە دانیشتنەكە پێوەستە بە بڕیاری سەركردایەتیی كوردەوە.
زۆر جار لە بەغدا هەوڵ دراوە پۆستەكان دوور لە خواستی پێكهاتەی كورد و لە بەرژەوەندیی پێكهاتەی شیعە یەكلا بكرێتەوە، ئەوەش بە بەردەوام كێشەی بۆ كورد دروست كردووە، كە خۆی بە هاوبەش و پێكهاتەیەكی رەسەن لە عێراق دادەنێت، ئێستە پەرلەمان خەریكی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە و پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێ ئەو پۆستە باڵایە ئەكتیڤ بێت و كەسێكی شایستەی بۆ دیاری بكرێت كە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت.
ئاڤێستا مام یەحیا ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پارتی پێی وایە فوئاد حوسێن بۆ سەرۆكایەتیكردنی عێراق لەو دۆخە هەستیارەدا گونجاوە، دووپاتی دەكاتەوە كە بڕیاری چوونیان بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان پێوەستە بە بڕیاری سەركردایەتیی كورد، لە حاڵەتی نەگەیشتن بە سازانی نیشتمانی.
روونی كردەوە، تا ئێستە گفتوگۆكان بەردەوامن و بە ئەنجامی كۆتایی لەبارەی بەشداریكردن لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نەگەیشتوون، بەڵام پارتی سوورە لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێك هاوكات پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نیشتمانی و كورد بكات.
شایەنی باسە 70 رۆژ بەسەر وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق تێپەڕ بووە، لەوكاتەی بەپێی دەستوور دەبێت سەرۆك كۆمار لە ماوەی 30 رۆژ لە دوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ بێتە هەڵبژاردن كە لە 29ی كانوونی یەكەمی 2025 ساز كرا، ئێستەش 19 كاندیدی پۆستەكە هەیە، دیارترینیان فوئاد حوسێن لە پارتی دیموكراتی كوردستان و نزار ئامێدی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.