ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسانی 2026، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، حكوومەتی ئێران ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەستی لە لبنان کردووەتە مەرج بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە ئیسلام ئاباد.
ڕۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە گواستییەوە کە ئێران ئاگاداریی داوەتە نێوەندگیرەکان، بەشداریکردنی لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد مەرجدارە بە ئاگربەست لە لبنان، هەروەها ڕەنگە تاران لە بڕیاری پێشووی خۆی بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز پاشگەز ببێتەوە. پێشتر لە ئەمڕۆدا، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگرییان لە پەڕینەوەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز کرد، ئەوەش بەهۆی بۆردمانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان. میدیاکانی ناو ئێران بڵاویان کردەوە کە پەڕینەوەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان لەو گەرووە ڕاگرتووە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە لبنان لە ناو ڕێککەوتنی ئاگربەستدا نییە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە هەڵوێستەکانی ئێران ئاماژەیان بە گرژکردنی دۆخەکە و کشانەوە لە ڕێککەوتنەکە دا بەهۆی بۆردمانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان.
لە شەوی سێشەم لەسەر چوارشەم، دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندیی خۆی دەربڕی لەسەر هەڵپەساردنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ پاکستان ئەنجامی داوە. سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە پێشنیازێکی ئێرانیی لە 10 خاڵ پێ گەیشتووە و بە بنەمایەکی کرداری بۆ دانوستانەکانی هەژمار دەکات.