ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسانی 2026، بێنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران کۆتایی شەڕ نییە، بەڵکوو قۆناغێکی ئامادەکارییە بۆ داهاتوو، دووپاتیشی کردەوە کە تەواوی ئامانجەکانیان لە ئێران بەدی دەهێنن، چ لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە بێت یان دەستپێکردنەوەی شەڕ.
نەتەنیاهۆ لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل گۆڕی و بەردەوامیش دەبین"، هەروەها ڕوونی کردەوە کە هێرشەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر حزبوڵا، بەهێزترین هێرش بوون لە دوای گورزی پەیجەرەکانەوە، و ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئێران کراوە حزبوڵا ناگرێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل زیاتر گوتی، پاشماوەی ڕژێم لە ئێران دوور دەخەینەوە، بە زەبری هێز بێت یان بە شێوەیەکی تر، ئێمە ڕژێممان لە ناو ئێراندا بۆ چەندین ساڵ گێڕایە دواوە و بەردەوامین لە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی شەڕ لەگەڵ ئەو وڵاتە. هەروەها باسی لەوە کرد کە ئامانجی تریان لە ئێران ماوە و بە ئەنجامی دەگەیەنن، چونکە دەستکەوتەکانیان لەو وڵاتە خەیاڵی بوون.
لە کۆتایی قسەکانیدا، نەتەنیاهۆ ئاشکرای کرد کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەکان و دانانی پلان، ڕۆژانە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا قسە دەکات و بەردەوام پێکەوە ئامادەکاری دەکەن.
نەتەنیاهۆ لە لێدوانەکەیدا بەرانبەر بە پێشهاتەکان ئەوەشی دووپات کردەوە کە هێزەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان و گوتی، "ئێمە لە هەر کاتێکدا بێت ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ و پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە".