راستەوخۆ لە دوای راسپاردنی عەلی زەیدی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لە تەواوی پێكهاتەكان دەست پێ كرد، لەوانە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمان دەنگ لەسەر كابینە و كارنامەی حكوومەتی زەیدی بدرێت، بەڵام ئەو كێشانەی ماون چین؟
بە شێوەیەكی گشتی ژمارەی وەزارەتەكان دیاری كراوە و ئەگەری هەیە جێگرانی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی تر بۆ رازیكردن و مسۆگەریی نوێنەرایەتیی هەمووان زیاد بكرێت، تا ئێستە نەخشەكە وایە كە شیعە 12 وەزارەت و سوننە شەش وەزارەت و كورد چوار وەزارت ببەن، بۆ هەر وەزارەتێك زیاتر لە كاندیدێك بدەنە زەیدی و لیژنەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەوانیش یەكێك بۆ پۆستەكە دیاری بكەن.
دوێنێ دووشەم جموجۆڵێكی فرەوانی سیاسی لە بەغدا هەبوو، بەتایبەتی لە دوای سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، كە زیاتر لە 10 كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان كرا و تیایدا باسی ناوی وەزیرەكان و بەشی هەر لایەنێك كرا، چەند سەرچاوەیەك گوتیان، تا دوێنێ نیوەی ناو وەزارەتەكانی كابینەی نوێ یەكلا كراوەتەوە، لەوانە پۆستەكانی جێگری سەرۆك وەزیران.
ئەندامێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، ئاراستەكە وایە كە ئەگەر كابینەكەش بە تەواوی یەكلا نەبێتەوە، هەفتەی داهاتوو متمانە بە حكوومەتی نوێ بدرێت، هەندێك وەزارەت ناكۆكییان لەسەرە وەك دارایی و دەرەوە، لای خۆیەوە پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات، كێشەیەكی تر هەیە ئەویش شوێنكردنەوەی میلیشیاكانە لە كابینەی حكوومەتی نوێ.
روونی كردەوە، زۆرینەی هێزە سیاسییەكان لەسەر بەركەوتەكانیان رێك كەوتوون، ئێستە گفتوگۆكان لەسەر ناوی وەزارەتەكان و ژیاننامەی وەزیرەكانە، بەڵام میلیشیاكان وەك گرێ كوێرە دەمێننەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە پەرلەمان نوێنەرایەتیی گەورەیان هەیە، ئەوەش بەهۆی لاریبوونی ئەمەریكا لە بوونیان لە پێكهاتەی حكوومەت، بۆیە ئەو بارەتە لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی گفتوگۆی لەسەرە، بەڵام هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە كابینەكەی زەیدی ساز دەكرێت.