كەشتییەكی فڕەنسی لە هورمز هێرشی كرایەسەر و قوربانی هەیە

:: AM:10:24:06/05/2026 ‌
كۆمپانیایەكی گواستنەوەی دەریایی فڕەنسی بڵاوی كردەوە، كەشتییەكی بازرگانیی سەربە كۆمپانیاكانە، لە گەرووی هورمز هێرشی كراوەتەسەر و زیانی مادی بەر كەشتییەكە كەوتووە و چەند ئەندامێكی تیمی كەشتییەكەیش بریندار بوون.

گرووپی گواستنەوەی فڕەنسی "سی ئێم ئەی، سی جی ئێم" ئەمڕۆ چوارشەم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، كەشتی بازرگانیی "سان ئەنتۆنیۆ" لەو كاتەی هەوڵی تێپەڕینی لە گەرووی هورمز دەدات، ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە و لە ئەنجامی هێرشەكەیش چەند ئەندامێكی تیمی كەشتیوانی كەشتییەكە بریندار بوون و زیادی مادی زۆریش بەر كەشتییەكە كەوتووە.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، بریندارانی سەر كەشتییەكە بە پەلە گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی وڵاتانی ناوچەكە و هێرشەكەیش لە درەنگانی شەوی سێشەم لەسەر چوارشەم ئەنجام دراوە، ئێستەیش بریندارەكان چارەسەری پزیشكی پێویست وەردەگرن.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، كۆمپانیاكە بە وردی چاودێریی دۆخی بریندارەكان و كەشتییەكە دەكات و لە ئامادەباشی تەواودایە، تا تیمی كەشتیوانی زیاتر بۆ سەر كەشتییەكە بنێرێت و هەموو ڕێوشوێنێكیش بۆ سەلامەتیی ئەندامە بریندارەكانی تیمی كەشتیوانی بگرێتەبەر.

لە ڕۆژی سێی ئایار /مایۆ تا ئێستە چوار كەشتیی بازرگانی لە ئاوەكانی گەرووی هورمز هێرشیان كراوەتە سەر و زیانی مادیی زۆریان پێگەیشتووە، ئەمە یەكەمجارە جیا لە زیانی مادیی كەشتییەكان، ئەندامانی تیمی كەشتیوانی كەشتییە بازرگانییەكان لە ئەنجامی هێرشەكان بریندار بن.

ڕۆژی دووشەم چواری ئایار/مایۆ لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا، فەرماندەی ناوەندی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "سێنتكۆم" بە بەشداریی 15 هەزار سەرباز و 100 فڕۆكەی جەنگی و چەندان كەشتیی جەنگییەوە، دەستی بە ئۆپراسیۆنی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئازادی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز كرد، ئێران كاردانەوە و وەڵامی توندی هەبوو و هێرشی كردە سەر ئەو كەشتییانەی دەیانەوێ هورمز تێپەڕێنن.

ئەمڕۆ چوارشەم سەرۆكی ئەمەریكا، ئۆپراسیۆنی پڕۆژەی ئازادی لە گەرووی هورمز وەستاند و دووپاتی كردەوە، لەسەر داوای پاكستان و چەند وڵاتێكی تر، بە شێوەیەكی كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەوەستێنێت، تا بزانین لەگەڵ ئێران دەگەین بە ڕێككەوتن یان نا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د