هەفتەی داهاتوو سێیەم گەڕی دانوستانی لبنان و ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت

:: PM:05:51:06/05/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بنكە و ئامانجەكانی حزبوڵا لە باشووری لبنان، دانوستانەكانی هەردوو حكوومەتی لبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوانیان بەردەوامە، میدیاكانی لبنان بڵاویان كردەوە هەفتەی داهاتوو سێیەم گەڕی دانوستانەكانی لبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بەڕێوە دەچێت.

میدیاكانی لبنان لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگەداریان گواستەوە كە دانوستانەكانی هەردوولا لە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، چوارشەم و پێنجشەم یان پێنجشەم و هەینیی هەفتەی داهاتوو، كە باڵوێز سیمۆن كەرەم و نەدا حەمادە باڵوێزی لبنان لە واشنتن و ویسام پترۆس جێگری سەرۆكی نێردەی لبنان و نوێنەرێكی سوپای لبنان وەك شاندی لبنانی بەشداری لە دانوستانەكان دەكەن.

دووشەم و سێشەمی رابردوو باڵوێزی لبنان لە واشنتن لەگەڵ ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبووەتەوە و باسی ئامادەسازییەكانیان بۆ گەڕی داهاتووی دانوستانەكانی لبنان و ئیسرائیل لە واشنتن كرد، جیا لە سكاڵایەكی بەیرووت لەبارەی پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل و دووپاتكردنەوە بەوەی دەبێت تەلئەبیب پابەندی رێككەوتنەكانی پێشوو ببێت و شەڕ و هێرشەكان بوەستێنێت.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل