ئەمڕۆ میدیاكانی ئەمەریكا، تەنانەت پاكستان و سەرۆكی ئەمەریكاش ئاماژەیان بۆ نزیكبوونەوەی رێككەوتنی تاران و واشنتن بۆ وەستانی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوانیان كرد، لە ئێران دۆخەكە جیاوازە، شارەزایەكی ئێرانی ئاماژە دەكات كە دانوستانەكانی هەردوولا پڕە گومان و بێمتمانەیی بە یەكتر ناكۆكی، بۆیە هێشتا باسی گەیشتن بە رێككەوتن نییە.
مستەفا نەجەفی شارەزای ئێرانی گوتی، ناكرێ ئێستە باسی نزیكبوونەوەی گەیشتن بە رێككەوتن بكەین تا ئەوكاتەی بە فەرمی واژووی لەسەر دەكرێت، رەشنووسێكی 14 خاڵی لە نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ دەكرێت، تاران گۆڕانكاری بەسەردا كردووە و بۆ ئەمەریكا رەوانە كرد، ئەمەریكاش وەڵامی داوەتەوە و ئێستە لە تاران تاوتوێ دەكرێت و بەم نزیكانە وەڵام دەدرێتەوە.
دووپاتی كردەوە، باسی میدیاكانی ئەمەریكا لەبارەی نزیكبوونەوەی گەیشتن بە رێككەوتن، جیا لە پۆستە نوێیەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، ئاماژەن بۆ ئەوەی واشنتن گۆڕانكاری لەسەر گۆڕانكارییەكانی ئێران كردووە، بۆیە هەڵوێستی نوێی ترەمپ و هەواڵەكانی ئەمڕۆ كە باسی نزیكبوونەوەی رێككەوتن دەكەن، بە مەبەستی گوشاری زیاترە لەسەر تاران بۆ پاڵنانی بەرەو قبووڵكردن بە دوایین پێشنیازی ئەمەریكا، بۆیە سەرەڕای لێكنزیكیی بۆچوونەكانی هەردوولا لەبارەی هەندێك لە دۆسیەكان، بەڵام ئێستە هیچ جۆرە رێككەوتنێك نییە و هێشتا جیاوازی و ناكۆكیی گرنگ لە نێوان هەردوولادا هەیە.