ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایاری 2026، محەمەد باقر قاليباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا هەوڵ دەدات گوشار بخاتە سەر ئێران بۆ لاوازکردنی لە ناوخۆوە و هەڵوەشاندنەوەی وڵاتەکە لە ڕێی گەمارۆوە، هاوکات داوای لە ئێرانییەکان کرد هاوکاریی یەکتر بکەن.
قاليباف لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، گەلی ئێران زۆرترین زەرەرمەندە لە بڕیارە هەڵەکانی ئەمەریکا و ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی بژێویی ژیان دەبێتەوە." زیاتر گوتی، ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە لە ناوخۆی ئێراندا هاوکاریی یەکتر بکەین بۆ ئەوەی بە کەمترین نەهامەتی سەرکەوتن بەدەست بهێنین. سەرکەوتنی کۆتایی لەم شەڕەدا، ئێران دەکاتە یاریزانێکی کاریگەر لە سیستمی نێودەوڵەتیدا، ئەگەرچی ئەمە بەبێ سەختی نابێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕوونی کردەوە، پێویستە هەموومان لە ئێراندا درک بەوە بکەین کە یەکێک لە گەورەترین شەڕە هاوچەرخەکانی مێژووی ئێران ئەنجام دەدەین. ڕەگ و ڕیشەی هەندێک لە گوشارە ئابوورییەکان دەگەڕێتەوە بۆ کێشە کۆنەکان، هەروەها بەشێکی تریشی دەرئەنجامی بارودۆخی شەڕە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە، ئەرکی سەرجەم بەرپرسانی ئێرانە هاوئاهەنگی بکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر هاووڵاتییان.
دووپاتیشی کردەوە، دوژمن پشتی بە گوشاری ئابووری بەستووە و یەکێک لە نیشانەکانیشی، ڕێکارە نوێیەکانی ئەمەریکایە لە گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریایی.
لە کۆتایی قسەکانیدا قاليباف گوتی، دوژمن لە ڕێی گەمارۆی دەریاییەوە هەوڵ دەدات لە ڕووی ئابوورییەوە گوشارمان بخاتە سەر و یەکگرتووییی وڵات هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ناچار بە خۆبەدەستەوەدانمان بکات، ئەوان دەیانەوێت ئێران لە ناوخۆوە لاواز بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر لەمڕۆ چوارشەمدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا پێشبینیی کرد کە نێردراوەکانی، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نەنێرێت بۆ بەڕێوەبردنی گفتوگۆکان لەگەڵ تاران. ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی (پی بی ئێس) گوتی، پێم وایە دەتوانین لێرەوە کارەکە تەواو بکەین، ڕەنگە کۆبوونەوەی کۆتایی تەنیا بۆ مەراسیمی واژووکردن بێت لە شوێنێکدا.
لەلایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ چوارشەم، هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی کردەوە کە تێپەڕبوونی سەلامەت و جێگیر بە گەرووی هورمزدا بووەتە شتێکی گونجاو، ئەویش دوای نەمانی "هەڕەشەی دەستدرێژیکاران". ئەمەش دوای ئەوە هات کە ترەمپ (پڕۆژەی ئازادی) هەڵپەسارد کە جووڵەیەکی سەربازی بوو بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا، ئاماژەشی بە پێشڤەچوونی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران و داواکارییەکی پاکستان و چەند وڵاتێکی تر کردبوو.