ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە ناردنی نێردراوەکانی، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، بۆ بەڕێوەبردنی گفتوگۆکان لەگەڵ تاران ئەگەرێکی لاوازە.
ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی (پی بی ئێس)ـی ئەمەریکی ڕوونی کردەوە، پێم وایە دەتوانین لێرەوە کارەکە تەواو بکەین، ڕەنگە کۆبوونەوەی کۆتاییش تەنیا بۆ مەراسیمی واژووکردن بێت لە شوێنێکدا.
سەرۆکی ئەمەریکا پێی وابوو کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین لە هەفتەی داهاتوودا ئەگەرێکی کراوەیە.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە دەرفەتێکی زۆر باش هەیە بۆ ئەوەی بابەتەکە کۆتایی بێت." لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا، "ئەگەر کۆتایی نەیەت، ئەوا ناچار دەبین بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی بەتوندی بۆردمانیان بکەین.
ئاماژەی بەوەش دا کە پلانە پێشنیازکراوەکە، گواستنەوەی یۆرانیۆمی ئێرانی بۆ ئەمەریکا لەخۆ دەگرێت، ئەوەش وەک بەشێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنە نوێیەکە.
پێشتر لەمڕۆ چوارشەمدا، ترەمپ پێشبینیی ئەوەی کردبوو کە تاران بە ڕێککەوتنەکە ڕازی بێت بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، هۆشداریشی دابوو لە بۆردمانێکی گەورەتر ئەگەر ڕازی نەبن. هەر ئەمڕۆش ترەمپ (پڕۆژەی ئازادی) هەڵپەسارد کە جووڵەیەکی سەربازییە بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، ئاماژەشی بە پێشڤەچوونی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران و داواکارییەکی پاکستان و چەند وڵاتێکی تر کردبوو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەمەریکی ئەمڕۆ چوارشەم ڕایان گەیاند، واشنتن و تاران نزیکن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر یاداشتێکی یەک لاپەڕەیی بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان.