دوای كشانەوەی لە عێراق لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی دوایی لە نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران، گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەگەری هەیە لە دوای سەقامگیربوونی دۆخەكە نێردەی هاوپەیمانی ناتۆ بگەڕێتەوە عێراق.
سەباح نوعمان گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئاماژەی كرد كە ئەركی هێزەكانی ئەمەریكا كە ئێستە لە عێراقن، شەڕوانی نییە، چەند تیمێكی تایبەتن بە مەشق و راهێنانكردن بە هێزە عێراقییەكان، دووپاتی كردەوە كە نێردەی هێزەكانی هاوپەیمانی ناتۆ، رەنگە لە دوای سەقامگیربوونی دۆخەكە بگەڕێنەوە عێراق بۆ بینینی رۆڵەكانیان لە مەشق و راهێنان بە هێزە تەناهییەكانی عێراق.
نوعمان ئاماژەی كرد، پاڵپشتیی ئەمەریكا بەردەوامە و هێزەكانی لە عێراقن بە قەبارەی شەڕوانی نین و چەند تیمێكن تایبەت بە مەشق و راهێنان.
شایەنی باسە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ"، لە دوای دەست پێكردنی شەڕی ئێران، لە 20ی ئاداری رابردوو نێردەكەی لە عێراق كشاندەوە، ئێستە نێردەكە لە بارەگەی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكان لە ئیتاڵیا كار دەكات، نێردەكە لە 2018 لەسەر داوای بەغدا دەستی بە كاركردن لە عێراق كردووە، لە دەیان سەرباز و راوێژكاری سەربازی پێك هاتووە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، ئەركەكەی شەڕوانی نییە و زیاتر مەشق راهێنان و راوێژكارییە، بارەگەكەی لە بنكەیەكی سەربازی بوو لە بەغدا لە نزیك باڵوێزخانەی ئەمەریكا.