زەیدی داوای كردووە ئازاد بێت لە دیاریكردنی وەزیرەكانی و دارایی و ناوخۆ

:: PM:09:05:06/05/2026 ‌

تا ئێستە دیار نییە شێوەی كابینەی حكوومەتەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیری راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق چۆن دەبێت، جیا لەوە تا ئێستە نازانرێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە كاتی كاندیدكردنی لەسەر چی رێككەوتوون و وەزارەتەكانی شیعە چۆن دابەش دەكەن، سەركردەیەكی شیعە دەڵێت، زەیدی داوای كردووە لە دیاركردنی وەزیرەكانی دارایی و ناوخۆ ئازاد بێت.

عەبدولئەمیر میاحی سەركردە لە هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی محەمەد شیاع سوودانی دووپاتی كردەوە كە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیری راسپێردراو ئازادییەكی زۆری لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی هەیە، لە بەرانبەر نەرمییەكی زۆری هێزە سیاسییەكان، ئەو داوای لە هێزە سیاسییەكان كردووە دەسەڵاتی پێ بدەن بۆ هەڵبژاردنی هەردوو وەزیری دارایی و ناوخۆ دوور لە سیستمی بەشبەشێنە، لە هەنگاوێك بەرجەستەی سەربەخۆیی زیاتر لە پێكهێنانی حكوومەتەكەی دەكات.

روونی كردەوە، لە دانوستانی زەیدی و هێزە سیاسییەكان دابەشكردنی وەزارەتەكان بە خاڵ دەبێت، هەر هێزێك بەركەوتەی هەڵبژاردنی خۆی دەبات بێ ئەوەی بەربەست بۆ زەیدی دروست ببێت لە ئازادی دیاریكردنی تیمە حكوومەتییەكەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان، ئەو زانیاری و ناوانەی باسیان دەكرێت زۆر ورد نییە، بەتایبەتی كە فلان وەزارەت بۆ ئەو هێزە یەكلا بووەتەوە و ئەو بابەتە هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بەڵام نیوچە رێككەوتنێكی هێزە سیاسییەكان هەیە بۆ تێپەڕكردنی كابینەی حكوومەتەكەی زەیدی پێش كۆتایی هەفتەی داهاتوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل