زەیدی: لیژنەیەك پێكدەهێنین و چەكی میلیشیاكان وەردەگرینەوە

:: PM:03:45:03/06/2026 ‌
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتائیبی ئیمام عەلی كۆبووەوە، بڕیاریان دا لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا چەكی میلیشیاكان وەربگیرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی حوزەیران، نووسینگەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، زەیدی پێشوازیی لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتائیبی ئیمام عەلی كۆبووەتەوە، وێرای دەستخۆشی لەوەی ئەو دوو میلیشیایە، رەزامەندیی چەكدانانیان داوە، بۆ ئەوەی هەڵبوەشێنەوە و چەك رادەستی حكوومەت بكەنەوە.

نووسینگەی زەیدی ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە لیژنەیەكی هاوبەش پێكبهێنرێت بۆ ئەوەی میكانیزمێكی گونجاو دابنرێت تا ئەو دوو میلیشیایە لە حەشدی شەعبی جیا ببنەوە و هەڵبوەشێنەوە، چەكەكانیشیان بە دەوڵەت بدەنەوە.

 دووپاتی ئەوەیش كراوەتەوە ئەم كارە لە ماوەی دوو رۆژ دەكرێت، بەشێوەیەك لەگەڵ دەستوور و یاسا بگونجێت و دەسەڵاتی دەوڵەت بەهێزتر بكرێت.
 
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل