دانوستانی ئیسرائیل و لبنان لە واشنتن بەردەوامە

:: PM:04:53:03/06/2026 ‌

لە دوای وەستانی هێرشەكانی ئیسرائیل و حزبوڵای لبنانی بۆ سەر یەكتر لە شەوی دووشەمی رابردووەوە، دوێنێ سێشەم گەڕێكی تری دانوستانی راستەوخۆی ئیسرائیل و حكوومەتی لبنان لە واشنتن بەڕێوە چوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە پێشوەچوون لە دانوستانەكان هەیە و ئەمڕۆش دانوستانەكان بەردەوامن.

بەپێی وەزارەتەكە لە دانوستانە راستەوخۆكە لە رووەكانی سیاسی و تەناهییەوە پێشوەچوون هەیە، كەچی لەسەر گۆڕەپانەكە و لە رووی سەربازییەوە هێشتا دۆخەكە جێگیر نییە، هێشتا ئیسرائیل لە هێرشەكانی لەناو خاكی لبنان و حزبوڵاش لە كردنەئامانجی لە دژی سوپای ئیسرائیل بەردەوامە. 

ئەمڕۆ چوارشەم چوارەم گەڕی دانوستانە راستەوخۆكانی ئیسرائیل و حكوومەتی لبنان لە واشنتن بەردەوامە، بەپێی میدیاكانی ئیسرائیل ئەوان باسی رێوشوێنە تەناهییەكانیان لە باشووری لبنان و میكانیزمەكانی چەسپاندنی ئاگربەست كردووە لەناو قسەكانی باسی دۆخێكی ئەرێنی دانوستانەكان دەكەن، لەوكاتەی دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاماژە دەكات كە ئەمەریكا بە نیازە راهێنان بە سوپای لبنان بكات بۆ یارمەتیدانی لە داماڵینی چەكی حزبوڵا، هەردوو شاندی ئیسرائیل و حكوومەتی لبنانیش تاوتوێی چۆنیەتی داماڵینی چەكی حزبوڵایان كردووە. 

شاندی دانوستانكاری لبنان لە سیمۆن كەرەم نێردراوی سەرۆكایەتی و نەدا حەمادە باڵوێزی لبنان لە ئەمەریكا و ویسام پترۆس جێگری باڵوێز و ئۆلێڤەر حاكمیە پاشكۆی سەربازیی باڵوێزخانەكە پێك هاتووە، لە لایەن ئیسرائیلەوە یاخیل لایتەر باڵوێزی ئیسرائیل و یوسی درازنین جێگری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و ئەمیشان لیڤین سەرۆكی بەشی پلاندانان لە سوپای ئیسرائیل و ئیریك بن دۆف پاشكۆی سەربازی لە باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە ئەمەریكا بەشداری دانوستانەكانن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل