زەیدی داوای دەستبەكاربوونەوەی كۆمپانیا نەوتییەكانی كوردستان دەكات

:: PM:05:59:03/06/2026 ‌

عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات كە لە سبەی پێنجشەمەوە دەست بە كاركردن بكەنەوە. 

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەم زەیدی لە بەغدا پێشوازی كرد لە شاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان و هاوەڵی نوێنەری ژمارەیەك لە كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكانی لە هەرێم كار دەكەن، ئەوەش بە ئامادەبوونی وەزیرانی نەوت و دەرەوەی عێراق.

لە كۆبوونەوەكە دووپات لە كاری هاوبەش و رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار و دابینكردنی پێویستییە سەرەكییەكان كردەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق گوێبیستی باسێكی ورد و تێروتەسەڵی دۆخی كاری كۆمپانیا نەوتییەكان بوو، بەتایبەتی لە سایەی رووداوەكانی دوایی بەهۆی شەڕی كەنداو، جیا لە پێشكەشكردنی دیدێكی تەواو لەبارەی دەست پێكردنەوەی كۆمپانیاكان بۆ كارەكانیان بە زووترین كات.

لە دیدارەكە زەیدی داوای دابینكردنی تەواوی پێویستییەكان كرد بۆ دابینكردنی ژینگەیەكی باش بۆ كاركردنی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكانی لە هەرێم كار دەكەن، ئاماژەی كرد كە ئەو زیانەی بە عێراق گەیشتووە بەهۆی وەستانی هەنادرنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمز گەورە بوو و پێویست بە زیادكردنی هەوڵەكان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكە لە رێگەی چارەسەركردنی كێشەكان دەكات كە بەربەستی زیادكردنی بەرهەمهێنان دەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل